1 لە سەردەمی پاشایەتی ئاحازی کوڕی یۆتام کوڕی عوزیای پاشای یەهودا، ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئۆرشەلیم، بەڵام نەیانتوانی دەستی بەسەردا بگرن.
2 هەروەها بە بنەماڵەی داود ڕاگەیەنرا و گوترا: «ئارامییەکان لەگەڵ ئەفرایم پەیمانیان بەستووە.» جا دڵی ئەو و دڵی گەلەکەی لەرزین، وەک لەرزینی داری دارستان لە ڕووی بادا.
3 یەزدانیش بە ئیشایای فەرموو: «ئێستا بچۆ بۆ پێشوازی ئاحاز، خۆت و شئار یاشوبی کوڕت، لە کۆتایی ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە لەلای ڕێگای کێڵگەی جلشۆرەکە و
4 پێی بڵێ: ”وریا و هێدی بە، مەترسە و با دڵت ورە بەر نەدات لەبەر گڕی تووڕەیی ڕەچین و ئارام و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، وەک دوو پارچە داری سووتێنراو دووکەڵ دەکەن.
5 لەبەر ئەوەی ئارام لەگەڵ ئەفرایم و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو پیلانی خراپەیان لە دژی تۆ ناوەتەوە و گوتیان،
6 ’دەچینە سەر یەهودا و پەلاماری دەدەین، داگیری دەکەین و لەناوەندیدا کوڕەکەی تاڤئێل بە پاشا دادەنێین.‘
7 یەزدانی باڵادەستیش ئەمە دەفەرموێت:
8 چونکە سەری ئارام دیمەشقە و
9 سەری ئەفرایمیش سامیرەیە و
10 جارێکی دیکە یەزدان بە ئاحازی فەرموو:
11 «بۆ خۆت داوای نیشانەیەک لە یەزدانی پەروەردگارت بکە، جا چ لە قووڵترینی قووڵاییەکان بێت یان لە بەرزترینی بەرزاییەکان.»
12 ئاحازیش گوتی: «هیچ داوا ناکەم و یەزدان تاقی ناکەمەوە.»
13 ئینجا ئیشایا گوتی: «ئێستا ئەی بنەماڵەی داود، گوێ بگرن! خەڵکت بێزار کرد، ئەمە بەس نییە؟ ئێستاش دەتەوێ خوداکەم بێزار بکەیت؟
14 لەبەر ئەوە پەروەردگار خۆی نیشانەیەکتان دەداتێ، ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێت ئیمانوێل.
15 دەڵەمە و هەنگوین دەخوات، کاتێک دەزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت،
16 چونکە پێش ئەوەی کوڕەکە بزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، ئەو خاکەی کە تۆ لە دوو پاشاکەی دەترسیت دەبێتە چۆڵەوانی.
17 یەزدان سەردەمێک بەسەر خۆت و گەلەکەت و بنەماڵەکەتدا دەهێنێت، کە لە کاتی جیابوونەوەی ئەفرایمەوە لە یەهودا سەردەمی وا نەهاتبێت. ئەو پاشای ئاشور دەهێنێت.»
18 لەو ڕۆژە، یەزدان فیکە بۆ مێشەکان لێدەدات، ئەوانەی لەوپەڕی جۆگە ئاوەکانی میسرن و هەروەها بۆ ئەو هەنگانەی کە لە خاکی ئاشورن.
19 جا دێن و هەموو لەناو شیوە هەڵدێرەکان و لەناو کون و کەلەبەری گابەردەکان و لەناو هەموو دڕکوداڵەکان و لەناو هەموو لەوەڕگاکان دەنیشنەوە.
20 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار بە گوێزانێکی بەکرێگیراو لەوبەری ڕووباری فوراتەوە، کە پاشای ئاشورە، سەر و مووی بەرتان دەتاشێت و ڕیشیش دادەماڵێت.
21 لەو ڕۆژەدا، پیاو مانگایەک و دوو بزن بەخێو دەکات،
22 جا ئەوەندە شیر دەدەن هەر دەڵەمە دەخوات، چونکە هەموو ئەوانەی لەناو خاکەکە دەمێننەوە دەڵەمە و هەنگوین دەخۆن.
23 لەو ڕۆژەدا، هەر شوێنێک کە لێی بوو هەزار ڕەز بە هەزار شاقل زیو، دەبێت بە دڕکوداڵ.
24 بە تیر و بە کەوانەوە دێنە ئەوێ، چونکە هەموو زەوییەکە دەبێت بە دڕکوداڵ.
25 هەموو ئەو چیایانەی کە بە قازمە کون دەکران کەس نایەتە ئەوێ لە ترسی دڕکوداڵ، بەڵکو گاگەلی تێدا بەڕەڵا دەکرێت و مەڕ پێپەستی دەکات.