Números 17

CKB

1 یەزدان بە موسای فەرموو:

2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و گۆچانیان لێ وەربگرە، بۆ هەر هۆزێک گۆچانێک، لە هەموو سەرۆکەکانیان بەگوێرەی هۆزەکانیان دوازدە گۆچان و ناوی هەریەکەیان لەسەر گۆچانەکەی دەنووسیت و

3 ناوی هارونیش لەسەر گۆچانی لێڤی دەنووسیت، چونکە بۆ هەر سەرۆک هۆزێک یەک گۆچانە.

4 لە چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، لەو شوێنەی لەگەڵتان کۆ دەبمەوە.

5 جا ئەو پیاوەی هەڵیدەبژێرم گۆچانەکەی چەکەرە دەکات، ئەوسا ئەو بۆڵەبۆڵەی نەوەی ئیسرائیل لەسەر خۆم کپ دەکەم کە لە دژی ئێوە دەیکەن.»

6 ئینجا موسا قسەی لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کرد، هەموو سەرکردەکان هەریەکە گۆچانێکیان دایێ، دوازدە گۆچان بەگوێرەی ژمارەی سەرۆک هۆزەکان، گۆچانەکەی هارونیش لەنێو گۆچانەکانی ئەوان بوو.

7 جا موسا گۆچانەکانی لەناو چادری پەیمان لەبەردەم یەزدان دانا.

8 بۆ بەیانیش موسا چووە ناو چادری شایەتی و بینی گۆچانەکەی هارون کە سەر بە بنەماڵەی لێڤییە چەکەرەی کردووە، خونچەی کردووە و گوڵی کردووە و بادەمی گرتووە و پێگەیشتووە.

9 جا موسا هەموو گۆچانەکانی لەبەردەم یەزدان بردە دەرەوە بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل، تەماشایان کرد و هەریەکە گۆچانی خۆی بردەوە.

10 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکەی هارون بگەڕێنەوە بەردەم سندوقی پەیمان، بۆ ئەوەی بپارێزرێت و یاخیبووان پەندی لێ وەربگرن. بەو شێوەیە چیتر بۆڵەبۆڵم بەسەردا ناکەن، تاکو نەمرن.»

11 موساش ئاوای کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.

12 ئینجا نەوەی ئیسرائیل بە موسایان گوت: «ئێمە لەناوچووین و ون بووین، هەموومان ون بووین!

13 هەموو ئەوانەی لە چادری پەرستنی یەزدان نزیک دەبنەوە دەمرن، ئایا هەموومان لەناودەچین؟»

Ler em outra tradução

Comparar lado a lado