Neemias 1

CKB

1 یاداشتی نەحەمیای کوڕی حەخەلیا:

2 حەنانی کە یەکێکە لە براکانم لەگەڵ چەند پیاوێک لە یەهوداوە هاتن، منیش لەبارەی ئەو جولەکانەی دەربازبوون، ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە مانەوە، لەبارەی ئۆرشەلیمەوە پرسیارم لێکردن.

3 پێیان گوتم کە ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە ماونەتەوە لەوێ لە هەرێمەکە لە تەنگانەیەکی گەورە و لە ڕیسوایی دان، شووراکانی ئۆرشەلیم ڕووخاون و دەروازەکانیشی سووتێنراون.

4 کاتێک گوێم لەم قسانە بوو، دانیشتم و گریام، چەند ڕۆژێک لەبەردەم خودای ئاسمان شینم گێڕا و لە ڕۆژووگرتن و نزاکردندا بووم.

5 دوای ئەوە گوتم:

6 تکایە، با گوێیەکانت شل و چاوەکانت کراوەبن بۆ گوێگرتن لە نزای خزمەتکارەکەت، ئەوەی شەو و ڕۆژ لە پێناوی نەوەی ئیسرائیلی خزمەتکارەکانت لەبەردەمتدا دەیکات. دان بە گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا دەنێم، کە گوناهمان بەرامبەر بە تۆ کرد، هەروەها من و ماڵی باوکیشم گوناهمان کرد.

7 بە تەواوی بەرامبەر بە تۆ گەندەڵ بووین. فەرمان و فەرز و حوکمەکانی تۆمان بەجێنەهێنا کە بە موسای خزمەتکارت دا.

8 «تکایە ئەو فەرمایشتەت بەبیر بهێنەرەوە کە فەرمانت پێی کرد کاتێک بە موسای خزمەتکارت فەرموو: ”ئەگەر ئێوە ناپاکی بکەن من بەناو گەلاندا پەرتەوازەتان دەکەم،

9 بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لام و فەرمانەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن، ئەوا ئەگەر دوورخراوەکانتان لەوپەڕی زەویش بن، لەوێوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمە ئەو شوێنەی کە بۆ نیشتەجێبوونی ناوەکەم هەڵبژاردووە.“

10 «ئەوانە خزمەتکارانی تۆ و گەلی تۆن کە بە هێزە گەورەکەت و دەستە بە تواناکەت ئەوانت کڕییەوە.

11 ئەی پەروەردگار، لێت دەپاڕێمەوە، تکایە با گوێت شل بێت بۆ نزای خزمەتکارەکەت و پاڕانەوەی ئەو خزمەتکارانەت کە خوازیارن لە ناوەکەت بترسن. تکایە ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت سەرکەوتوو بکە و لەبەردەم ئەم پیاوەدا بەزەیی پێ ببەخشە.»

Ler em outra tradução

Comparar lado a lado