Levítico 12

CKB

1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر ژنێک سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم بۆ حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت، هەروەک لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی گڵاو دەبێت.

3 لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆرپەکە خەتەنە دەکرێت،

4 ئینجا دایکەکە سی و سێ ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە هەتا لە خوێن لێچوونەکەی پاک ببێتەوە، بەر هیچ شتێکی پیرۆز ناکەوێت و بۆ پیرۆزگا ناچێت، هەتا ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو دەبێت.

5 ئەگەر کچی بوو، ئەوا دوو هەفتە پاک نابێت، هەروەک لە خوێنلێچوونی بێت، ئینجا شەست و شەش ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە، هەتا لە زەیستانییەکەی پاک ببێتەوە.

6 «”کاتێک ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو بوو، ئەگەر کوڕی بووبێت یان کچ، ئەوا بەرخێکی یەک ساڵە وەک قوربانی سووتاندن و بێچووە کۆترێک یان کوکوختییەک وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە بەر دەروازەی چادری چاوپێکەوتن بۆ کاهینەکە.

7 ئەویش لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات و کەفارەتی بۆ دەکات، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم لە خوێن لێچوونەکەی پاک دەبێتەوە.

8 بەڵام ئەگەر دەستکورت بوو بەرخێک بهێنێت، ئەوا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، یەکێکیان بۆ قوربانی سووتاندن و ئەوی دیکە بۆ قوربانی گوناه، بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و پاک دەبێتەوە.“»

Ler em outra tradução

Comparar lado a lado