Juízes 10

CKB

1 لەدوای سەردەمی ئەبیمەلەخ تۆلاعی کوڕی پوڤە کوڕی دۆدۆ هەستا بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕزگار بکات، کە پیاوێک بوو لە هۆزی یەساخار، لە شامیر لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەژیا.

2 بیست و سێ ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد، ئینجا مرد و لە شامیر نێژرا.

3 ئینجا لەدوای ئەو یائیری گلعادی هەستا و بیست و دوو ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

4 سی کوڕی هەبوو و سواری سی گوێدرێژ دەبوون و سی شارۆچکەیان هەبوو، پێیان دەگوترا حەڤۆت یائیر کە هەتا ئەمڕۆش وایان پێ دەڵێن و لە خاکی گلعادە.

5 یائیرش مرد و لە قامۆن نێژرا.

6 نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری. بەعلەکان و عەشتۆرەتەکان و خوداوەندەکانی ئارام، سەیدا، مۆئاب، عەمۆنییەکان و فەلەستییەکانیان پەرست و وازیان لە یەزدان هێنا و نەیانپەرست.

7 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیلییەکان هاتە جۆش و ڕادەستی فەلەستییەکان و عەمۆنییەکانی کردن.

8 ئەوانیش لەو ساڵەوە نەوەی ئیسرائیلیان تێکشکاند و ستەمیان لێکردن. بۆ ماوەی هەژدە ساڵ نەوەی ئیسرائیلیان دەچەوساندەوە، هەموو ئەوانەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون لە خاکی ئەمۆرییەکان ئەوانەی لە گلعاد بوون.

9 عەمۆنییەکان لە ڕووباری ئوردونیش پەڕینەوە بۆ جەنگ لە دژی یەهودا و بنیامین و بنەماڵەی ئەفرایم، بۆیە ئیسرائیل زۆر پەرێشان بوون.

10 جا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئێمە گوناهمان کرد دەرهەق بە تۆ، چونکە وازمان لە خودای خۆمان هێنا و بەعلەکانمان پەرست.»

11 یەزدانیش بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «کاتێک میسری، ئەمۆری، عەمۆنی، فەلەستی،

12 سەیدائی، عەمالێقی و ماعۆنییەکان، تەنگیان پێتان هەڵچنی، ئیتر هاوارتان بۆ کردم، ئایا منیش لە دەستیان ڕزگارم نەکردن؟

13 بەڵام ئێوە وازتان لێ هێنام و خودای دیکەتان پەرست. لەبەر ئەوە ئیتر ڕزگارتان ناکەم.

14 بڕۆن هاوار بکەن بۆ ئەو خوداوەندانەی هەڵتانبژاردوون، با لە کاتی تەنگانەتان ئەوان ڕزگارتان بکەن.»

15 نەوەی ئیسرائیلیش بە یەزدانیان گوت: «گوناهمان کرد، جا چی بە باش دەزانیت پێمانی بکە، تەنها هەر ئەمڕۆ دەربازمان بکە.»

16 ئیتر خوداوەندە بێگانەکانیان لەنێو خۆیاندا لابرد و یەزدانیان پەرست. یەزدان بەهۆی کڵۆڵیی ئیسرائیلەوە دڵتەنگ بوو.

17 ئینجا لەشکرەکانی عەمۆنییەکان بانگ کران و کۆبوونەوە و لە گلعاددا چادریان هەڵدا، کوڕانی ئیسرائیلیش کۆبوونەوە و لە میچپا چادریان هەڵدا.

18 ئیتر ڕابەرەکانی گەلی گلعاد بە یەکتریان گوت: «ئەو پیاوەی دەست بکات بە جەنگ لەگەڵ عەمۆنییەکان، ئەوا ئەو دەبێت بە سەرۆکی هەموو خەڵکی گلعاد.»

Ler em outra tradução

Comparar lado a lado