Ezequiel 15

CKB

1 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە بەراورد لەگەڵ لقی هەر دارێک لەو دارانەی لە دارستاندان، لقی دار مێو چییە؟

3 ئایا دار لەم لقە دەبردرێت بۆ دروستکردنی هەر شتێک لە هەر کارێک، یان سنگۆلکەی دیواری لێ دروستبکەن بۆ ئەوەی کەلوپەلێکی پێدا هەڵبواسن؟

4 دوای ئەوەی دەبێت بە خۆراکی ئاگر و ئاگر لە هەردوو سەرەوە دەیخوات و ناوەڕاستەکەی دەسووتێنێت، ئایا ئیتر بە کەڵکی هیچ شتێک دێت؟

5 ئەو کاتەی کە ساغ بوو بە کەڵکی هیچ نەدەهات، دوای ئەوەی ئاگر خواردی و سووتا ئیتر چۆن بە کەڵک دێت؟

6 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: وەک لقی دار مێو لەنێو لقەکانی دارستان، ئەوەی کردم بە خۆراکی ئاگر، ئاواش لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکەم.

7 ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم. هەرچەندە لە ئاگر هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام ئاگرەکە دەیانخوات. کاتێک ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم، ئەوا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.

8 خاکەکە وێران دەکەم، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

Ler em outra tradução

Comparar lado a lado