Apocalipse 14

CKB

1 پاشان بینیم بەرخەکە لەسەر کێوی سییۆن ڕاوەستابوو، سەد و چل و چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، ناوی ئەو و ناوی باوکی لەسەر ناوچەوانیان نووسرابوو.

2 لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک خوڕەی ئاوێکی زۆر و دەنگی هەورەگرمەیەکی گەورە. ئەو دەنگەی کە گوێم لێبوو وەک دەنگی قیسارەش وابوو کە ژەنیاران دەیژەنن.

3 لەبەردەم تەختەکە و لەبەردەم چوار بوونەوەرەکە و پیرەکان سروودێکی نوێیان دەگوت. کەس نەیدەتوانی سروودەکە فێرببێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی لە زەوییەوە کڕابوونەوە.

4 ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە، چونکە پاکیزەن و بەدوای بەرخەکە دەکەون بۆ هەرکوێ بڕوات. ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا و بەرخەکە.

5 درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە، ئەوان بێ کەموکوڕین.

6 ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنیی هەتاهەتایی پێبوو، تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت، بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک.

7 بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»

8 فریشتەی دووەم، لەدوایەوە دەیگوت: «کەوت! بابلی گەورە کەوت، ئەوەی بەم جۆرەی کرد هەموو نەتەوەکان شەرابی تووڕەیی داوێنپیسییەکەی بخۆنەوە.»

9 فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «هەرکەسێک کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر نێوچەوانی یان دەستی وەربگرێت،

10 هەروەها ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت.

11 دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»

12 ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن.

13 گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!»

14 پاشان تەماشام کرد، هەورێکی سپیم بینی و لەسەر هەورەکە کەسێکی وەک کوڕی مرۆڤ دانیشتووە، تاجێکی زێڕینی لەسەر و داسێکی تیژی بەدەستەوە بوو.

15 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگا هاتە دەرەوە و بە دەنگێکی بەرز بانگی دانیشتووی سەر هەورەکەی کرد: «داسەکەت هەڵگرە و بدروەوە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و بەرهەمی زەوی پێگەیشتووە.»

16 جا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی بۆ سەر زەوی وەشاند و زەوی دروێنە کرا.

17 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی ئاسمان دەرچوو و ئەویش داسێکی تیژی پێبوو.

18 ئینجا فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاوە هاتە دەرەوە کە دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو. بە دەنگێکی بەرز بە ئەوەی گوت کە داسە تیژەکەی پێبوو: «داسە تیژەکەت هەڵگرە و هێشووەکانی ڕەزی زەوی کۆبکەرەوە، چونکە ترێیەکەی پێگەیشتووە.»

19 فریشتەکە داسەکەی وەشاندە زەوی و ڕەزەکانی زەوی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەرە گەورەکەی تووڕەیی خودا.

20 گوشەرەکە لە دەرەوەی شار گوشرا، بە بەرزی لغاوی ئەسپێک، هەزار و شەش سەد ستادیا خوێن لە گوشەرەکە دەرچوو.

Ler em outra tradução

Comparar lado a lado